بيست و شه‌شه‌مين کۆنفڕانسي وه‌حده‌تي ئيسلامي
به ئاماده‌بووني ژماره‌يه‌کي زۆر له به‌رپرساني حکوومي و له‌شکه‌ريي ئێران و به‌شداري به‌رپرساني چه‌ندين وڵاتي ئيسلامي جيهان، بيست و شه‌شه‌مين کۆنفڕانسي نێونه‌ته‌وه‌يي وه‌حده‌تي ئيسلامي کاره‌کاني ده‌ستپێکرد.
سه‌رله‌به‌يانيي ئه‌مڕۆ يه‌کشه‌ممه 27ي جانيڤێري/ 8ي ڕێبه‌ندان، له هۆڵي "کۆبوونه‌وه‌ي سه‌ران" له تاراني پايته‌ختي ئێران، به ئاماده‌بووني ژماره‌يه‌کي زۆر له سه‌رکرده ناسراوه‌کاني وڵاتاني ئيسلامي کۆنفڕانسي بيست و شه‌شه‌مي وه‌حده‌تي ئيسلامي کرايه‌وه.
ئه‌م کۆنفڕانسه نێونه‌ته‌وه‌ييه له‌ژێر ناوي "پێغه‌مبه‌ري ئه‌کره‌م(د.خ) نمانه‌ي شوناسي ئۆممه‌تي يه‌کگرتووي ئيسلامي" هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردني حه‌وته‌ي وه‌حده‌ت له ئێران به به‌شداريي نوێنه‌راني مه‌زاهيبي جياواز و موسڵماناني وڵاتاني ديکه به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
هه‌ر ئێستا له هۆڵي کۆبوونه‌وه‌که و له ڕێوڕه‌سمي ده‌ستپێکدا دوکتۆر مه‌حموود ئه‌حمه‌دي نه‌ژاد، سه‌رۆک کۆماري ئێران له حاڵي پێشکه‌ش کردني وته‌يه‌کدايه.
بڕياره له‌م کۆنفڕانسه دوو ڕۆژه‌يه‌دا که‌سايه‌تييه ناسراوه‌کاني جيهاني ئيسلام، له‌وانه؛ سه‌ييد عه‌مار حه‌کيم، سه‌رۆکي مه‌جليسي باڵاي ئيسلامي عێراق، فێردۆس عاشق ئه‌عوان، وه‌زيري کار و خزمه‌تگوزاري نيشتيمانيي پاکستان، ئيبراهيم جه‌عفه‌ري، سه‌رۆک وه‌زيراني پێشووي عێراق، ئايه‌توڵڵا ته‌سخيري، سه‌رۆکي ئه‌نجومه‌ني باڵاي کۆمه‌ڵه‌ي ته‌قريبي مه‌زاهيب، موحسێن ئه‌راکي، ئه‌مينداري گشتيي کۆمه‌ڵه‌ي ته‌قريبي مه‌زاهيبي ئيسلامي و عه‌لي ئه‌کبه‌ر ويلايه‌تي، ڕاوێژکاري باڵاي ڕێبه‌ري شۆڕشي ئيسلامي ئێران وته‌کانيان پێشکه‌ش بکه‌ن.
کوردپرێس