وه‌زيري ناوخۆي ئێران: ئه ز کوردم
وه‌زيري ناوخۆي ئێران له ڕێوڕه‌سمي ده‌ستبه‌کاربووني پارێزگاري نوێي کوردستان به ئاماژه به‌وه‌يکه خۆي له کورده‌کاني خوراسانه، ڕايگه‌ياند: هيچ جياوازييه‌ک له نێوان ئه‌تنيکه‌کاني ئێران‌دا نييه.
به‌پێي هه‌واڵي کوردپرێس؛ دوکتۆر عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حماني فه‌زڵي ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له لێدوانه‌که‌يدا له ڕێوڕه‌سمي ده‌ستبه‌کاربووني پارێزگاري نوێي کوردستان، به زاراوه‌ي کوردي کورمانجي سڵاوي حه‌سه‌ن ڕۆحاني، سه‌رۆک کۆماري ئێراني به خه‌ڵکي کوردستان گه‌ياند. ڕه‌حماني فه‌زڵي وتيشي: من خۆم کوردم و کورد به شايسته‌ي خزمه‌ت به ئيسلام و شۆڕش ده‌زانم و بێگومان ده‌وڵه‌تي ته‌دبير و ئومێد به‌رنامه‌ي پڕبايه‌خي بۆ جێبه‌جێکردني به‌ڵێنه‌کان و سه‌ربه‌رزي وڵات و کوردستاني ئازيز هه‌يه. وتيشي: ئێران به‌هۆي بووني گه‌لي کوردي خۆڕاگر له سنوور توانيويه‌تي سه‌ربه‌رزييه‌که‌ي بپارێزێت و هيچ ئيتنيکێک ناتوانێت پاگه‌نده‌ي ئه‌وه‌ي بکات به ڕاده‌ي کوردستان له شه‌ڕ و کوێره‌وه‌ريدا به‌رخۆداني کردووه و هه‌وڵي داوه بۆ سه‌ربه‌رزي وڵات. ئه‌وه‌شي ڕاگه‌ياند که هيچ جياوازييه‌ک له نێوان ئيتنيک و نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کاني ئێران‌دا نييه و کۆي ئيتنيکه‌کانه که گه‌لي ئێراني ئيسلامي پێکدێنێت و ئه‌م جۆراوجۆرييه ئيتنيکييه بووه‌ته هۆي سه‌ربه‌رزي و به‌هێزبوونه‌وه‌ي ئێران. ڕه‌حماني فه‌زڵي جه‌ختي له‌وه کرد که کوردستان مافي زۆري به سه‌ر ئێرانه‌وه‌يه و ده‌بێ کێشه‌کاني چاره‌سه‌ر بکرێت و هه‌وڵي زياتر بۆ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌ي ئه‌م ناوچه بدرێت. سه‌باره‌ت به هه‌ڵنه‌بژاردني پارێزگاري کوردستاني وتي: پارێزگاري بوومي مافي ڕه‌واي خه‌ڵکي کوردستانه، به‌ڵام بژارده‌يه‌کي وا که بتوانێ ئه‌م ئه‌رکه قورسه به ئه‌زموون ڕاپه‌ڕێنێت له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بوو و هه‌ر بۆيه هه‌وڵ درا پارێزگارێک هه‌ڵبژێرين که ئه‌زمووني ئه‌وه‌ي ببێ به‌رنامه‌کاني ده‌وڵه‌تي يازده‌هه‌م له کوردستان جێبه‌جێ بکات. سه‌باره‌ت به عه‌بدولمحه‌مه‌د زاهيدي، پارێزگاري کوردستانيش وتي: زاهيدي که‌سێکي به ئه‌زموون و به توانايه و هه‌ر به‌و بۆنه‌وه نێردراوه‌ته کوردستان، به‌ڵام دڵنيابن له هێزه کوردستانييه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تي وڵات که‌ڵک وه‌رده‌گيردرێت.