ئۆباما جه‌ختي کرد:
گرينگي گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران و ڤێتۆي گه‌مارۆکان دژي ئه‌و وڵاته
سه‌رۆک کۆماري ئه‌مه‌ريکا له وتاري ساڵانه‌ي خۆي له به‌رانبه‌ر کۆنگرێسي ئه‌و وڵاته گرينگترين ته‌وه‌ره‌کاني باس له‌سه‌ر سياسه‌تي ده‌ره‌وه‌ي وڵاته‌که‌ي ته‌رخان دايه بابه‌تي ديپلۆماسي له‌گه‌ڵ ئێران و به جه‌خت له‌سه‌ر گرينگي به‌رده‌واميدان به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کۆماري ئيسلامي، وتي که گه‌ڵاڵه‌کاني توندکردني گه‌مارۆکان له‌سه‌ر ئێران له‌لايه‌ن کۆنگرێسه‌وه ڤێتۆ ده‌کات.
به‌پێي هه‌واڵي کوردپرێس، به گێڕانه‌وه له ئاژانسي هه‌واڵي کۆماري ئيسلامي ئێران (ئيرنا): باراک ئۆباما له مياني وتاري ساڵانه‌ي "بارودۆخي وڵات" له دانيشتني هاوبه‌شي ئه‌نجومه‌ني پيران و کۆنگرێسي ئه‌و وڵاته، دانوستاني ده‌وڵه‌ته‌که‌ي له‌گه‌ڵ ئێراني شوبهانده دانوستانه‌کاني سه‌رده‌مي شه‌ڕي سارد له نێوان ئه‌مه‌ريکا و يه‌کێتي سۆڤييه‌ت و به به‌رده‌نگ گرتني به‌رهه‌ڵستکاراني دانوستانه‌کان له کۆنگرێس، جه‌ختي کرده سه‌ر زياتر ده‌رفه‌تدان به ديپلۆماسي.
وتي: ئه‌وه ديپلۆماسييه‌تي ئه‌مه‌ريکا له‌گه‌ڵ زه‌خته‌کان بوو که بۆ يه‌که‌مين جار به‌رده‌واميدان به به‌رنامه‌ي ناڤۆکي ئێراني ڕاوه‌ستاند، ئه‌گه‌ر جان ئێف کێنێدي و ڕۆناڵد ڕه‌يگان، توانيان له‌گه‌ڵ يه‌کێتي سۆڤييه‌ت دانوستان بکه‌ن، ئێمه‌ش توانيمان له‌گه‌ڵ ئێران دانوستان بکه‌ين.
سه‌رۆک کۆماري ئه‌مه‌ريکا زياتر وتي: به ڕووني ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆنگرێسه گه‌ڵاڵه‌ي گه‌مارۆي نوێ په‌سند بکات که بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر دانوستانه‌کان، ئه‌وا من ڤێتۆي ده‌که‌م، ده‌بێ له‌به‌ر ئاسايشي نه‌ته‌وه‌يي وڵاته‌که‌مان ڕێگه به به‌ره‌وپێشچووني ديپلۆماسييه‌ت بده‌ين.
ئۆباما ڕاشيگه‌ياند که ئه‌گه‌ر به‌رپرساني ئێراني ئه‌م ده‌رفه‌ته به‌کار بێنن هه‌نگاوێکي گه‌وره به‌ره‌و گه‌ڕانه‌وه‌ي تاران بۆ کۆمه‌ڵگاي جيهاني هه‌ڵده‌گرن و مه‌سه‌له‌يه‌کي گرينگي ئاسايشي له ئاستي جيهان به بێ توندوتيژي و مه‌ترسي چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ناوبراو جه‌ختي کرده سه‌ر هاوکاري ئه‌مه‌ريکا له‌گه‌ڵ ئه‌ورووپا له‌مه‌ڕ به‌رنامه‌ي ناڤۆکي ئێران و وتي: ده‌بێ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران به پشکنيني ڕۆژانه و له‌ناکاو و بێ وێنه بێته‌دي بۆ ئه‌وه‌ي دڵنيايي ئه‌وه به‌ده‌سته‌وه بدرێت که ئێران به‌ره‌و به‌رهه‌مهێناني چه‌کي ناڤۆکي هه‌نگاو نانێت.
سه‌رۆک کۆماري ئه‌مه‌ريکا ئاماژه‌ي به‌وه‌ش دا که وڵاته‌که‌ي و هاوپه‌يمانه‌کاني به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران بۆ ئه‌وه‌ي بتوانن به شێوه‌ي ئاشتيخوازانه بگه‌نه ئامانجێکي هاوبه‌ش که به وته‌ي ئه‌و "پێش‌گرتن له ده‌ستڕاگه‌يشتني ئێران به بۆمبي ناڤۆکييه."
ئۆباما دانوستان له‌گه‌ڵ ئێراني به دژوار وه‌سفکرد و وتي: ڕه‌نگه ئه‌م دانوستانانه نه‌گاته ئه‌نجام. ئێمه له ئاست پشتگيري ئێران له گرووپگه‌لێک وه‌کوو حزبوڵڵا و بێ متمانه‌يي نێوان دوو وڵات ڕاشکاوانه قسه‌مان کردووه. هه‌رچه‌شنه ڕێککه‌وتنێکي درێژخايه‌ن ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌ماگه‌لێک بکرێت که ئێمه و کۆمه‌ڵگاي جيهاني له وه‌به‌رنه‌هێناني چه‌کي ناڤۆکي له‌لايه‌ن ئێرانه‌وه دڵنيا بکاته‌وه.