بۆچي تورکيا به‌رڤاني له کۆباني ناکات؟
وادياره تاکوو ئێستاش ئه‌نقه‌ره به چه‌شنێکي يه‌کلاکه‌ره‌وه نه‌يتوانيبێ بڕيار بدات داعش بۆ ئه‌و دوژمنێکي گه‌وره‌تره يان کورده‌کان.
به‌پێي هه‌واڵي کوردپرێس به گێڕانه‌وه له "فه‌راروو"، فارن پاڵسي نووسيويه‌تي: ئه‌م ڕۆژانه کاربه‌ده‌ستاني ئه‌مه‌ريکا که ناخوازن ناويان ئاشکرا بێ، توندترين ڕه‌خنه‌کاني خۆيان ئاراسته‌ي ده‌وڵه‌تي تورکيا ده‌که‌ن. يه‌کێک له‌م کاربه‌ده‌ستانه که له ماوه‌ي حه‌وته‌ي ڕابردوودا له‌گه‌ڵ نيۆيۆرک تايمزدا وتووێژي کرد گوتي: "ئه‌نقه‌ره بۆ کرده‌وه پووچه‌ڵه‌کاني خۆي له شاري گه‌مارۆدراوي کۆبانيدا به‌ڵگه داده‌تاشێ". ئه‌و له درێژه‌دا گوتي: "ئه‌مه دژ کرده‌وه‌ي هاوپه‌يمانێکي ناتۆ نييه که له سنووره‌کانيدا جه‌هه‌ننه‌م به‌رپا بووه." يه‌کێکي تر له کاربه‌ده‌سته ئه‌مه‌ريکييه‌کان به مه‌رجێک ناوي نه‌گوترێ له وتووێژێک له‌گه‌ڵ واشنتۆن پۆست‌دا، بێ ئه‌وه‌ي هێمني له‌م بواره‌دا له خۆي نيشاندا گوتي: "تورکه‌کان پێ له‌و ڕووداوانه ده‌کێشنه‌وه دواوه چونکه ئه‌وان ده‌خوازن ئه‌مه‌ريکا پێشده‌ستي بکات و ئه‌م گرفته چاره‌سه‌ر بکات."
به‌م حاڵه‌ش هه‌وڵ و تێکۆشانه‌کاني ئه‌مه‌ريکا بۆ ئه‌وه‌ي زه‌خت بخاته سه‌ر ئه‌نقه‌ره تا ڕۆڵێکي کاراتر له کۆباني دابله‌يزێ له‌لايه‌ن تورکه‌کانه‌وه به هێند نه‌گيراوه و خراوه‌ته پشت گوێ. مه‌ولوود چاوش ئۆغڵۆ، وه‌زيري ده‌ره‌وه‌ي تورکيا ڕۆژي ڕابردوو گوتي: ئه‌م چاوه‌ڕوانييه که تورکيا به ته‌نيايي له کۆبانيدا چالاکي سه‌ربازي بکات، چاوه‌ڕوانييه‌کي به ته‌واوي نابه‌جێيه.
جان ئالن نوێنه‌ري ئه‌مه‌ريکا له هاوپه‌يماني دژي داعشيش وتووێژێکي له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره ده‌ستپێکردووه و به‌م حاڵه‌ش ئه‌وه‌ي وه‌زاره‌تي ده‌ره‌وه له‌و وتووێژانه‌ي گێراوه‌ته‌وه نيشانده‌ري هيچ جۆره ڕێککه‌وتنێک له نێوان دوو لايه‌ن نييه و ته‌نيا ئاماژه به ئه‌گه‌ري وتووێژه‌کان بۆ ماوه‌يه‌کي زياتر ده‌کرێ.
که‌وايه چ شتێ ده‌بێته هۆکاري ئه‌مه که تورکيا بۆ ڕزگاري کۆباني هه‌نگاو هه‌ڵنه‌هێنێته‌وه؟ له وه‌ڵامي ئه‌م پرسياره‌دا، چه‌ند پرسياري تر له سوات کينيکلي ئۆغڵۆ، نوێنه‌ري پێشووي پارتي داد و گه‌شه له په‌رله‌ماندا که وه‌ک ئه‌ندامي فراکسيۆني ليبرالي ئه‌م پارته بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کاني په‌رله‌ماني ساڵي 2011 له ليستي ئه‌م پارته‌دا دانه‌نرا، کرا که هه‌ر ئێستا ناوبراو به‌ڕێوه‌به‌ري ڕاپه‌راندن و جێبه‌جێ کردني کاره‌کاني هۆده‌ي فيکر که ناوه‌نده‌که‌ي له ئه‌نقه‌ره‌دايه. به باوه‌ڕي ناوبراو بێده‌نگي تورکيا له به‌رامبه‌ر تێکهه‌ڵچوونه‌کاني زياتر له سووريادا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر دوو کێشمه‌کێش و ده‌مه‌قاڵه، يه‌که‌م کێشمه‌کێش و ده‌مه‌قاڵه‌ي نێوان ئه‌نقه‌ره و هاوپه‌يماني به‌ربه‌ره‌کاني له دژي داعش دايه: "گرفتي يه‌که‌م ڕێکنه‌که‌وتن و ناکۆکي بير و ڕا له‌سه‌ر ئه‌وله‌وييه‌ته‌کانه، واتا ئه‌وه که بۆ به‌ربه‌ره‌کاني، ئه‌سه‌د وه‌پێش که‌وێ يان داعش" وه‌ک ئه‌م نوێنه‌ره‌ي پێشووي په‌رله‌مان ده‌ڵێ: "ئه‌نقه‌ره ده‌يهه‌وێ ڕوانگه‌ي ئه‌مه‌ريکا له‌باره‌ي عێراق و سووريادا بزانێ".
تورکيا هاوپه‌يماني دژي داعشي خستۆته ژێر گوشاره‌وه تا ده‌سه‌ڵاته‌کاني خۆي ئه‌وه‌نده په‌ره پێبدات که له‌سه‌ر کار لاداني ڕژێمي به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماري سوورياش له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرێته‌وه.
له‌م دواييانه‌دا ئه‌حمه‌د داوودئۆغلۆ سه‌رۆک وه‌زيراني تورکيا گوتبووي: ئه‌گه‌ر ستراتيژيکي دياريکراو له‌سه‌ر داهاتووي سووريادا هه‌بێ ئه‌نقه‌ره ئاماده‌يه هه‌ر کارێک که پێوه‌ندي به داعشه‌وه بێ، ئه‌نجامي بدات. ئه‌و گوته‌کاني خۆي به‌م جۆره پشت ڕاست کرده‌وه که هێرش بۆ سه‌ر داعش هۆکاره ڕيشه‌ييه‌کاني توندئاژۆيي چاره‌سه‌ر ناکات تا کاتێک که په‌نجه‌کاني ئه‌سه‌د به ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌نده.
ئه‌نقه‌ره هه‌روه‌ها نيگه‌راني و دڵه‌ڕاوکێي به‌هێزبووني پارێزه‌راني کوردي له کۆباني دا هه‌يه. ئه‌م ميليشيا سه‌ربازييانه که وه‌ک "يه‌کينه‌کاني پاراستني گه‌ل" ناسراون و به‌ستراوه‌ي پارتي کرێکاراني کوردستانن، ڕابردووي چه‌ند ده‌يه خه‌بات له دژي ده‌وڵه‌تي تورکيايان له کارنامه‌دا هه‌يه. بۆيه زۆرێک له کاربه‌ده‌ستاني تورکيا ئه‌گه‌ر ناچار له هه‌ڵبژاردن له نێوان ئه‌وان و داعشدا بن، ده‌که‌ونه شک و گومانه‌وه که کامه‌يان هه‌ڵبژێرن؟
ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆماري تورکيا، حه‌وته‌ي پێش ئێستا گوتي: "PKK (پارتي کرێکاراني کوردستان)يش وه‌ک داعش وايه." يه‌کێکي تر له جێگره‌کاني پارتي داد و گه‌شه‌ش له لاپه‌ڕه‌ي تويتري خۆي‌دا نووسيبووي: "له‌وانه‌يه داعش خه‌ڵک بکوژێ به‌ڵام لانيکه‌م وه‌ک PKK ئه‌شکه‌نجه‌يان ناکات و ئازاريان نادات."
کينيکلي ئۆغڵۆ که سه‌رۆکي گرووپي دۆستايه‌تي ئه‌نقه‌ره- واشنتۆنه ده‌ڵێ: ئه‌نقه‌ره تاکوو ئێستاش له ناردني هێزه زه‌وينييه‌کان بۆ هه‌ردي دوژمن خۆي بواردووه. ئه‌و له درێژه‌ي قسه‌کانيدا گوتوويه‌تي: "ئه‌گه‌ر ئه‌م ناوچه (ده‌وروبه‌ري کۆباني) پڕ له پياواني تورک و که‌ساني دڵسۆز بێ، داستانێکي جياواز دێته ئاراوه. ئه‌نقه‌ره ناخوازێ سيناريۆي باکووري عێراق که (پاش که‌وتني سه‌دام حسێن) سه‌رهه‌ڵداني کوردستاني عێراقي به‌خۆوه بيني، دووپات بێته‌وه." به‌م حاڵه‌ش هه‌زينه‌کاني پارێزگاري نه‌کردن له کۆباني بۆ تورکيا ڕوو له هه‌ڵکشان دايه.
ئه‌سته‌نبۆڵ و ناوچه زۆرينه کوردنشينه‌کان له ماوه‌ي چه‌ند حه‌وته‌ي ڕابردوودا، بينه‌ري ناڕه‌زايه‌تييه ڕوو له هه‌ڵکشانه‌کاني کورداني تووڕه‌وه‌زاڵه هاتوو له دژي سياسه‌ته پووچه‌ڵه‌کاني ئه‌نقه‌ره‌دا بوون. ئه‌مڕۆ وه‌زيري ناوخۆي تورکيا ڕايگه‌ياند که 37 که‌س له خه‌ڵکي تورکيا کوژراون و به سه‌دان که‌سي تريش له‌م کرده‌وه ناڕه‌زايه‌تيانه‌دا بريندار بوون. ئه‌م کرده‌وه ناڕه‌زايه‌تييانه بوونه‌ته هۆي سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ي ناکۆکييه نه‌ته‌وه‌ييه کۆنه‌کان به جۆرێکي وا که نه‌ته‌وه‌گه‌را تورکه‌کان له شاري ديلۆکدا بۆ به‌ربه‌ره‌کاني له‌گه‌ڵ ده‌نگه ناڕازييه‌کان به شمشێره‌وه برژێنه شه‌قامه‌کان و له ئاکامي ئه‌م تێکهه‌ڵچوونانه‌دا چوار که‌س بکوژرێن.
به سرنج‌دان بۆ پێشڕه‌وييه‌کاني هه‌رچي زياتري داعش له کۆباني دا، ڕووداوه ناوخۆييه‌کاني نێو شه‌ڕ و پێکدادانه‌کاني سووريا ده‌توانێ ڕێبازي هه‌وڵ و ته‌قالا چه‌ند ساڵه‌ييه‌کان بۆ ئاشت کردنه‌وه‌ي شارومه‌نداني کوردي تورکيا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تي ئه‌م وڵاته به‌ره‌و ڕێبازێکي خێچ لادا. کينيکلي ئۆغڵۆ بۆ ئه‌وه نيگه‌رانه که ڕه‌نگه پارته کورده‌کان "له کۆنتڕۆڵ کردني تاقمه په‌راوێزکه‌وتووه‌کان که ده‌خوازن شه‌ڕ و ئاژاوه بۆ وڵات بگێرنه‌وه، له‌گه‌ڵ که‌ند و کۆسپ به‌ره‌وڕوو بن."
ئه‌و ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر کۆباني بکه‌وێ، هه‌موو هه‌وڵه‌کان بێ ئاکام ده‌بن. ڕه‌نگه ئه‌م کاره واتاکه‌ي دوايي هاتن به پڕۆسه‌ي ئاشتي بێ."
وه‌رگێڕان له فارسييه‌وه: خالد ئه‌حمه‌ديان په‌سوێ