• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 143
  • پێنج شەممه 16/2/1395
  • رۆژژمێر :

مۆزەخانەی مادام توسۆی شاری شیراز

 

مۆزەخانەی مادام توسۆ

مۆزەخانەی مادام توسۆی شیراز لە ماڵی جوانی زەینەت و لمولکی قەوام دایە. ئەگەر بۆ گەشت و سەیران و خۆشی بڕۆنە عیمارەتە شاهانەکەی زەینەت و لمولکی قەوام و پێ بخەنە ناو ژێرزەمینی ئەم ماڵەوە، لەگەڵ دیمەنێکی سەیر دا رووبەڕوو دەبنەوە، ئەویش ئەمەیە کە زینەتولمولکی خاوەن ماڵ و کۆمەڵێک لە ناودارانی ئێرانی دێنە پێشوازتانەوە، لە راستیدا ئەم پەیکەرانە لەرێگەی بنکەی فارس ناسی شیرازەوە درووست بووە و ئێوە هەل و دەرفەتی ئەوەتان هەیە کە روخسار و دەموچاوی زۆرێک لەم ناودارانە لە نێزیکەوە ببینن. بەدڵنیاییەوە ئەگەر بۆ جارێکیش بووە لە رێگەی تەلەڤیزیۆن، بڵاڤۆک و سایتەکان ناوی مۆزەخانەی مادام تووسۆتان بیستووە، مۆزەخانەیەک کە تێیدا دەتوانن دیمانەی زۆرێک لە مرۆڤە ناودارەکانی دونیا بکەن کە لە قەوارەی پەیکەرگەلێکی مۆمی دا درووست کراون. دەتوانن لەگەڵیان دا تەوقە بکەن و وێنە بگرن، لەگەڵ ئەو پەیکەرانەی کە لەتەک سیما و روخسارە راستەقینەکەیان دا جوێیان ناکەینەوە. ناوداران و گەورەکانی شیراز لە تەنیشت و دەوری یەک خڕ بوونەتەوە، لە پەیکەری مۆمی خاوەن ماڵەوە بگرە تاکوو پەیکەری کەریم خانی زەند، شەهید دەوران، ئایەتوڵڵا میرزای شیرازی، نەسیرولملک، سەعدی شاعیر و...

 

ئەم پەیکەرانە لە لایەن بنکەی فارس ناسییەوە و لە ماوەی ٤ ساڵ دا و بە هاوکاری گرووپێک لە هونەرمەندانی پەیکەرساز کە سەرپەرشتییەکە بەئەستۆی مامۆستا "شانس" بوو، درووست کراون. ماڵی زینەتولمولکی قەوامی هەمیشە قەرەباڵغە بەڵام دوای نیوەڕۆان هاتووچۆ لەم عیمارەتە دا زۆرتر دەبێت، ماڵێک کە مەکۆی زۆرێک لە خاوەنان و لایەنگرانی هونەرە. ئەم ماڵە پێشتر لایەنگران و هۆگرانی زۆری هەبوو و میعماریی بێ وینەی ئەم عیمارەتە، حەوشەی ناوەوەی، ئاوێنە کارییە پسپۆڕانەکەی و هەڵپێکرانی ئەم ماڵە لە رێگەی ژێرزەوینەوە بە عیمارەتی نارنجستانی قەوام ببووە هۆی ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر بۆ دیتنی ئەم بینا جوان و دانسقەیە بێنە ئێرەوە، بەڵام لە ساڵی ٨٢ ی هەتاوییەوە بوو کە بە ئامادەگی و بوونی هونەرمەندان و مامۆستایان و پسپۆڕانی بواری هونەر، ٣٧ پەیکەرە لە ژێرزەمینی ئەم ماڵە دا خرایە روو و درووست کرا و جوانی و سەرنجڕاکێشیی ماڵەکەی زۆرتر لە پێش کرد، لە سەرەتا دا ٣٧ پەیکەرە بۆ نمایشکردن لەم مۆزەخانەیە دا ئامادە کرا بەڵام ئەوەندەی بەسەرەوە نەڕۆیشت و بە هۆی پێشوازیی خەڵک، گەشتیاران و هونەرمەندان، ٢٢ پەیکەرەیتر پاش ساڵێک درووست کرا و گوازرایەوە بۆ مۆزەخانەی زینەت ولمولک.

 

شاپووڕی یەکەمی ساسانیە گۆشەیەک لە مۆزەخانەکە راوەستاوە، جل و بەرگی تایبەتیی دەرباری لەبەرە و دەستێکی لە کەمەر داوە و پرچەکانی شۆڕ بوونەتەوە و کڵاوێکی درێژکۆلەی سووری لە سەر دایە. لە گۆشەیەکیت دا کەریم خانی زەند لەسەر دوو ئەژنۆی دانیشتووە و جل و بەرگێکی زەردباوی لە بەرایە و بە روخسارێکی بیرمەندانەوە چاوی بڕیوەتە دیمانەکەران. زۆرێک لەو خەڵکانە پێیان خۆشە لە تەنیشت کەریم خانەوە راوەستن و وێنە بگرن بەڵام بەهۆی ئەوەی کە رەنگە خەسار و ئاسیوێک بکەوێتە پەیکەرەکان، وێنە هەڵگرتن قەدەغە کراوە. مەنسووری حەلاج لە خوارەوەی ژووری ماڵەکە و لە ژێر تاقێک راوەستاوە، چاوەکانی بە شیوەیەکی تەلیسماوی سەرنجت رادەکێشن. ئەو یەکێک لە عاریفە گەورەکانی سەدەی سێهەم بوو کە پاش گەڕانەوەی لە سێهەمین سەفەری حەج، بە تۆمەتی کوفر فرمان و حوکمی قەتڵی دەرکرا و حوکمەکەشی لە لایەن قازی گەورەی ئەوکاتیی بەغداد واتە "ئیبنی داووسی ئیسفەهانی" ییەوە دەرکرا بوو. ئێستاش لەم ماڵە دا وەکوو رابردوو مەنسوور تەنافێکی دار لە بەرامبەریایەتی و وا دەنوێنێت دەیەوێت بچیت بەرەو پیری تەنافەکە! بەڵام ئێستا کە گەشتیاران و دیمانەکەران دێنە ئەوێ و ئەو پەیکەرە بەو شێوازە دەبینن، دەتوانن مانای راستەقینە و قووڵایی ناکۆتای "اناالحق"ەکەی فام بکەن.

هەڵبەت پەیکەرسازان بۆ بەشەکانی تر وەکوو چاو، لە جاوی دەسکرد کەڵکیان وەرگرتووە بەڵام قژی پەیکەرەکان، سمێڵ و ریشیان لە موو و قژی خۆڕسک و سرووشتی ئینسانە کە لە سەر تۆڕ چنراوە و دواتر کراوەتە سەر و جەستە و ئەندامەکانی لەشی پەیکەرەکانەوە. با ئاگاداری ئەوەش بن کە شێوازی چنین و دانانی پەیکەرەکان لەم ماڵەی زینەت ولمولک دا بە پێی نۆرم و رەوتی سەردەمە جیاواز و یەک لە دوای یەکەکانی مێژووە، واتە لە سەردەمی پێش ئیسلام تاکوو جیهانی هاوچەرخ. پەیکەرەی گەورە و پایەبەرزانێکی وەکوو سیبەوییە، ئیبنی موقەفەع، مەنسووری حەللاج، روزبەهان، سەعدی شیرازی، شەهید سپاسی، شەهید دەوران، شاعیر قائانی، سورەتگەری شیرازی، دوکتۆر موحەمەدی نەمازی و...بە پێی رێک و پێکی سەردەمی بوون و ژیانیان رێک کراوە و دانراوە. لێک هەڵپێکرانی دوو ماڵ لە رێگەی ژێرزەمینەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ژێرزەمین پانتایی و رووبەرێکی گەورەی هەبێت و خەڵک بتوانن لە کەشێکی لەبار و فەزایەکی گەورە دا پەیکەر و گشتییەتی ماڵەکە ببینن.