• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 244
  • شەممه 18/2/1395
  • رۆژژمێر :

کێوی بێستوون ؛ کێویەکی بە بەرزی مێژوو

کێوی بێستوون


 
کێوی بێستوون کە لە سەرچاوە ئیسلامی و عەڕەبییەکان دا بە ناوی بۆغستان یا بێەستون و دواتر بە بێستوون ناوی ھاتووە، کەوتووەتە ٣٩ کیلۆمێتری باکووری کرماشان و سەر ڕێگای کرماشان بۆ ھەمەدان. ساڵیانێکی لەمێژە کە وێنەبەردینەکان و نووسراوەکانی سەر ڕەوەزەکانی ئەم کێوە، سەرنجی ڕێبوار و موسافیر و ھونەرمەند و گەڕۆڵ و مێژووناسان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و نھێنی و ڕازەکانی مێژووی کۆنی وڵاتی ئێران و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی لە سینگەبەردینەی خۆی دا حەشار داوە و لە فەوتان و نەمانی پاراستووە.
مێژوو
ئەم کێوە مێژویی یە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٣٥ زایینی لە لایەن سێر ھێنڕی ڕاوۆلینسێن لە باری مێژوویی و خەت ناسی، تاوتۆی کرا. ئەم شوێنەوارناسە کۆپییەکی لە بەردەنووسی بێستوون ھەلگڕتەوە و دوای ١٨ ساڵ ھەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر و دۆزینەوەی نھێنییەکانی خەتی بزماری، توانی ئەم بەردەنووسە کە بە خەتی بزماری نووسرابوو، بخوێنێتەوە و دەرگای خوێندنەوەی خەتی بزماری، واتا خەتی پارسی باستانی بۆ کۆنینەناسان و خەت ناسان کردەوە و ئەم ڕووداوە بوو بە سەرەتایەک بۆ دەرھێنانی مێژووی ڕاستەقینەی ئێرانی کۆن لە نێو بەردەنووسەکان و نووسراوەکانی مێژوویی ئێران دا.
 ئەم شوێنەوارناسە بە دۆزینەوەی نھێنییەکانی خەتی بزماری کە نزیک بە دوو ھەزار ساڵ بوو ھیچ کەسێک نەیتوانیبوو ڕێی پێ ببا، گەورەترین خزمەتی بە مێژووی کۆنی ئێران کرد. ھەڵبەت پێش تر و لە ساڵی ١٨٠٢ زایینی، لێکۆڵەرێکی ئاڵمانی بە ناوی گیئۆڕگ گڕوتێفێند لە سەر نھێنییەکانی ئەم خەتە کاری کردبوو و بە چەند ئەنجامێکی باشی زمانەوانی گەیشتبوو.
 
نەخش و نیگارەکانی بێستوون
نەخش و نیگارەکانی ئەم کێوە لە باری مێژووی یەوە بە چەند دەستە دابەش دەکرێن:
وێنەبەردینەی زۆپی داریوشی ھێخامەنێشی و نۆ کەس لە یاغییەکانی ئێمپراتوری.
بەردەنووسی داریوشی ھەخامەنشی.
پەیکەرەی ھێرکول.
وێنەبەردینەی زۆپی گودەرزی دووەمی ئەشکانی.
وێنەبەردینەی مێھردادی دووەمی ئەشکانی.
وێنەبەردینەی بلاشی ئەشکانی.

سەرچاوەکان
گۆڤاری کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی، ئەدەبی مەھاباد   
ویکی پدیا