• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 308
  • سێ شەممه 28/2/1395
  • رۆژژمێر :

رێوڕەسمی شایی تفەنگ

 

شایی یان زەماوندی تفەنگ داب و رەسمێکی کۆن و لەمێژینەیە لە ژیانی راوچیان و نێچیرڤانانی ئیلامی دا و ئەمەش بە مەبەستی شکاندنی تەلیسم نەپێکان لە بەردەم لوولەی تفەنگی راوچیان دایە کە هەنووکەش لە زۆرێک لە ناوچە گوندی و عەشایەرییەکان ئەنجام دەدرێت. ئەم رێوڕەسمە کە هەر وەکوو گوتمان بە مەبەستی تەخت کردنی تەلیسمی بەردەم تفەنگی راوچییانە، خاڵی ورد و سەرنج راکێشی زۆری تێدایە کە بۆ ناسینی کەلتووری گشتی و فۆلکلۆری پارێزگای ئیلام و نەتەوەی کورد زۆر بەکار دێت. هۆی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی شایی تفەنگ، نەپێکانی گولەی راوچییان بە نێچیر و بە وتەیەک شکاندنی تەلیسمێکە کە بووتە هۆی ئەوەی کە تفەنگی راوچیان کارا نەبێت.

لەم رێوڕەسمە دا لە رۆژێکی تایبەت کە زۆرتر رۆژگەلی سەرەتای مانگە، راوچی تفەنگەکە لە سەر دیواری ماڵەکە دادەگرێت و بە بیانووی ئەوەی کە نێچیر ناپێکێت دەیداتە بەر قامچی و بەشێوازێک جۆرێ لە تەمێ کردن و دارکاریی تفەنگ دێتە ئەژمار. کاتێک کە راوچی خەریکی قامچی وەشانە، زۆرتر کەتان و کەیبانووی ماڵ کە زۆربەی کاتەکانیش هاوسەری راوچییە، تفەنگ لە ژێر دەست و بال و قامچی راوچی دێنێتە دەرەوە و بە گرێ دانی پارچە پەڕۆ یەن تەوبڕێک کە لە سوێنێکی پیرۆز یان گۆمەزی شوێنێکی پیرۆز هێناویت، دەبێتە زامن و گەرەنتی کاری تفەنگەکە. ژنەکە کە ئێستا گەرەنت تفەنگەکەی کردووە، تیرێک لە تفەنگەکە دێنێتە دەرەوە و دەیخاتە ژێر زمانی، دواجار بە مەبەستی شکاندنی تەلیسمەکە دەچێت بۆ ماڵی کۆنترین هاوماڵ و دراوسێ خۆیان و مشتێ ئاردی بە ئەمانەت لێوە وەردەگرێت. لە قۆناغی دواتر دا ژنی ماڵ بەو ئاردەی کە لە دراوسێکەیانی بە ئەمانەت وەرگرتووە بە نییەتی و ۆواستی پیتی و بەرەکەت بۆ تفەنگەکە پەپکە یان پەپگە درووست دەکات و دواتر ئەم نانە بچووکە یان پەپگەیە بە لوولەی تفەنگەکە کون دەکات و وەکوو ملوانکەیەک نانەکە بە گەردنی تفەنگەکە دا هەڵدەواسرێت. و ژنە پاش ئەنجام دانی ئەم قۆناغانە و تێپەڕاندنی ئەم رێوڕەسمە گوللەی تفەنگەکە لە ژێر زمانی دێنێتە دەرەوە و دەیخاتە ناو تفەنگی راوچییەکەوە. پاش هەموو ئەم کارانەش لە شوێنێک لێژایی و نشێو دا ژنەکە نانە خرت و بازنەییەکە تلۆر دەکاتەوە و راوچیش بە نییەت و خواستی راو، لە نانەکە تەقە دەکات و دەیپێکێت و دەیکات بە جەند بەش و کەرتەوە و ئەم بەشانە وەکوو پاروو لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە دا دابەش دەکرێن. پاش تەواوی ئەم کارانە کە بە مەبەستی شکاندنی تەلیسمی سەر تفەنگی راوجی ئەنجام دەدرێت، راوچی توێشەبەرە و ئازۆقەی خۆی هەڵدەگرێت و دەچێت بۆ راو و بە پێێ ئەو شتانەی دەیڵێنەوە، راوچی لەم کاتانە دا هەمیشە بە دەستی پڕ دەگەڕێتەوە.

لەبارەی ئاخێزگە و شوێنگەی سەرهەڵدانی ئەم رێوڕەسمە دا رەحیم ئەحمەدی لە راوچییە کۆنەکانی پارێزگای ئیلام، دەڵێت: شایی تفەنگ تایبەتە بە ناوجەی ئیلام و لە بیر و باوەڕە کۆن و کەونینەییەکانی خەڵکی ئەم ناوجەیەوە سەرچاوەی گرتووە. بە پێی قسەی ئەم بەڕێزە، ئەم رێوڕەسمە لە کۆنەوە لە ناو راوچی و نێچیرڤانە ئیلامییەکاندا شوێنگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و لە چەندین بەرە و جیل پێشترەوە بۆیان ماوەتەوە و بەردەوامیش بەدواداهات و داهاتی باشی بۆ راوچیان بە دوای خۆی دا هێناوە.

ئەو بە ئاماژە دان بەو شێوازەی کە ئەم رێوڕەسمە بەڕێوە دەچێت دەڵێت: بە لە بەرچاوگرتنی کەڵک وەرگرتن لە پەڕۆ و تەوبڕیی شوێنە پیرۆزەکان و هەروەها نان وەکوو هێمایەک لە پیت و بەرەکەتی، تێدەگەین کە ئەم رێوڕەسمە تێکەڵەیەکە لە کەلتووری خۆماڵی کۆن و باوەڕی ئایینی خەڵک. رێوڕەسمی "شایی تفەنگ" رەنگە لە نیگا و تێڕوانینی خەڵکی ساکار و روچیان، رێوڕەسمێکی ساکار و بێ خەوش و خەمڵاندن بێت بەڵام روانگە و تێڕوانینی زانایانی بواری "خەڵک ناسی(مردم شناسی)" شتێکی دیکەیە و بەتایبەتی لە سەر رەگ و ریشە و ئاخێزگەی ئەم ڕیوڕەسمە نیگایەکی تایبەتیان هەیە.

خاتوو "مریەم سلووکی" خوێندکاری زانستی خەڵک ناسی زانکۆی ئازادی ئیسلامی ئیلام، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئاخێزگە و پێشینەی مێژوویی بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە واتە شایی تفەنگ، لە ئیلامدا بە درووستی دیار نییە بەڵام بە سەرنج دان بەو توخم و ئامێرانەی کە لە رێوڕەسمەکەدا کەڵکی لێ وەر دەگیرێت وەکوو پەڕۆیەکی پیرۆز، نان و سوێندی ژن بە سەر تفەنگ بۆمان دەردەکەویت کە ئەم رێوڕەسمە بە تێکەڵ بوون بە باوەڕە ئایینییەکانی خەڵک بەردەوام بووە. ئەو باوەڕی وایە کە راوچییان بە شێوەیەکی بەردەوام نێجیرڤانییان بە رزق و رۆزییەکی حەڵاڵ زنیوە و لە هەندێ حاڵەتیش دا بە یارمەتی وەرگرتن لە توخمەکانی ناو سرووشت و نییەت کردن ئەنجامیان داوە و هەر بەم هۆیەشە کە لە نان و تەوەڕک بە بۆنەی پیرۆزایەتی و قودسییەتیان کەڵک وەرگیراوە. سلووکی زیادیشی کرد: نەپێکانی نێچیر بە هۆی تەلیسم بوونی تفەنگ یان "بەستراوبوونی تیر" هیچ کات لەگەڵ تێڕوانین و میکانیزمە زانستییەکانی سەردەم دا هاوتەبا و هاوکۆک نییە بەڵام دەکرێت بڵێین: پاش ئەم رێوڕەسمە راوچی بە دڵنیایی و باوڕ بە خۆ بوونێکی زۆرترەوە دەچیت بۆ راو. ئەم خەڵک ناسە، چوونە سەرەوەی سەرنج و وردبوونەوە و کارتێکەری لایەنی ناوشیاری مرۆڤ لە راو دا و هەروەها بردنەسەرەوەی ئاستی باوەربەخۆبوون لە تیرهاوێشتن دا، بە لایەنە کاریگەر و دواداهاتە کارتێکەرەکانی ئەم ڕێوڕەسمە لێکدەداتەوە و دەڵێت: ئەگەرچی رەنگە هەندێک لە راوچیان ئێستا باوەڕێکیان بەم رێوڕەسمە نەبێت بەڵام لێرە و لەوێ دەبینرێت کە ئەمانەش بە هۆی هێوریی و دڵئارامییەک کە ئەنجامدانی ئەم رێوڕەسمە بۆیانی دێنێت، هەر ئەم رێوڕەسمە بەڕێوە دەبەن.

لە پارێزگای ئیلام دا راوچێتی بە شێوەی قاچاخ و نا قاچاخ لە حەز و تاسووقی پیاوانی ئیلامییە و ناوجەگەلێکی وەکوو چەکەر، بوولی و بینا لەم پارێزگایانە بە نێچیرگەگەلێکی پڕ رەونەق و پیت هەژمار دەکرێن.

 

جام کوردی