ئاماده‌یی 15 هه‌زار هێزی عه‌شیره‌یی بۆ به‌شداریی له ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ
وته‌بێژی عه‌شیره عه‌ره‌به‌کانی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌سه‌ر ئاماده‌یی زیاتر له 15 هه‌زار هێزی خۆبه‌خشی عه‌شیره‌یی بۆ به‌شداریی له ئۆپراسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ له بنده‌ستی گرووپی تیرۆریستی داعش جه‌ختی کرد.
موزاحم ئه‌حمه‌د حه‌نویت له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی "السومریه نیوز" وتی: زیاتر له 15 هه‌زار هێزی خۆبه‌خشی عه‌شیره‌یی له هه‌موو ئیتنیکه‌کانی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ به‌شداریی له ئۆپراسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ ئاماده‌ییان هه‌یه.
ناوبراو وێڕای ئاماژه به داواکاری عه‌شیره‌کان له به‌غدا بۆ پێکهێنانی هێزی خۆبه‌خشی عه‌شیره‌یی زیادی کرد: له ئێستادا هێزه خۆبه‌خشه عه‌شیره‌ییه‌کان چاوه‌ڕوانیی وه‌ڵامدانه‌وه به داواکاریی خۆیانن و له ئه‌گه‌ری دژایه‌تی به‌غدا، داواکارییه‌کی وا له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌خه‌نه‌ڕوو؛ چونکه ئه‌م عه‌شیرانه به بێ ڕه‌زامه‌ندی هه‌ولێر هیچ جۆره هێزێکی خۆبه‌خشی عه‌شیره‌یی پێکناهێنن.
ناوبراو به جه‌خت له‌سه‌ر گرینگایه‌تی ڕۆڵی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه له پشتیوانی له هێزه خۆبه‌خشه عه‌شیره‌ییه‌کان بۆ ئازادکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانی خۆیان و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌شداریی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه چه‌کداره‌کانی پارێزگاکانی دیکه‌ی عێراق له ئۆپراسیۆنی ئازادکردنه‌وه‌ی مووسڵ، خوازیاری به‌شداریی هێزی پێشمه‌رگه له‌م ئۆپراسیۆنه بوو.
کوردپرێس