• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 425
  • پێنج شەممه 28/5/1395
  • رۆژژمێر :

ئەشکەوتی عەلیسەدر؛ یەکێک له عه‌جایب سروشتی جیهان

 

ئەشکەوتی عەلیسەدر لە پارێزگای هەمەدانی ئێران، کە لە مێژوودا بە شاری هیگمەتانە ناسراوە و پایتەختی حکومەتی مادەکان بە پادشایی دیاکۆ بووە، گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی جیهانە و 2100 مەتر لە ئاست ئاوی دەریا بەرزترە.

ئەشکەوتی عەلیسەدر پێکهاتووە لە رێڕەوی پڕپێچ و رۆچنەی جۆراوجۆر، لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاو دەڕژێتە ناو ئەشکەوتەکە، کە دەریاچەیەکیان تێدا پێکهێناوە، بۆیە گەڕان بەناویدا تەنیا بە بەلەم دەکرێت.

زەویناسان، مێژووی بەردەکانی ئەو ئەشکەوتە دەگەڕێننەوە بۆ قۆناغی ژووراسیک لە چاخی دووەمی زەویناسی، کە دەکاتە 190 بۆ 136 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا.

لە سەر دیوارەکانی ئەشکەوتی عەلیسەدر؛ بەرد و قەندیلەکان هاوشێوەی پەیکەری پەنجەی هەڵۆ، شێری دوو سەر، کۆتر، بەلەمی ئاوەژوو و هێشوە ترێ و گوڵەکەلم دەردەکەون.

ئەشکەوتی عەلیسەدر لە دووری 75 کیلۆمەتری شاری هەمەدان لە سەر هێڵی زنجیرەچیای زاگرۆس هەڵکەوتووە.

کەشوهەوای ئەو ناوچە نیوە وشکە و رێژەی بارانبارینی ساڵانەی 300 میلی لیترە.

لە رابردوودا خەڵکی ناوچەکە وەکوو سەرچاوەی دابینکردنی ئاو ئەشکەوتی عەلی سەدریان بەکارهێناوە.

ئەوەی ئەشکەوتی عەلیسەدر لە ئەشکەوتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئاسانکارییە لە بەکارهێنانی رێڕەوە ئاوییەکانیدا، کە بە هۆی بەرینبوونیان دەکرێت بە بەلەم، بە ئاسانی گەشتیان پێدا بکرێت.

درێژی ئەشکەوتی عەلیسەدر 11 هەزار و 200 مەترە، هەڵکەوتنی لە شاری هەمەدان بە جۆرێکە کە لەگەڵ گۆڕی باباتاهیری هەمەدانی و شوێنەواری گەنجنامە، ئەو شارەیان کردووەتە شارێکی گەشتیاری سەرنجڕاکیش.

گەشتیاران دەتوانن بە بەلەم لە دوو رێڕەوەی 1250 مەتری و 4000 مەتریدا گەشت بکەن.
ئاوی ناو ئەشکەوتەکە بە رادەیەک روونە، کە بە ئاسانی تاوەكو قوڵایی 10 مەتری دەبیندرێت.