بە چرکەیەک خۆت لە تونی بیبەر رزگار بکە
دوای خواردنی بیبەری تون بەچەند چرکەیەک زمان و ناودەم و تا گەدە توشی سوتانەوە دەبێت و دەموچاو سور هەڵدەگەڕێت و ئارەقێکی زۆر دەکرێتەوە، بەڵام دەتوانیت بەچەند چرکەیەک خۆت لەو تونی و سوتانەوەیە رزگار بکەیت.
توێژەرانی پەیمانگای (چیلی بیبەر) لە زانکۆی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ، چارەسەرێکی خێرایان بۆ ئەو دۆخە دۆزییەوە و ئاشکرایانکرد: خێراترین رێگا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری تونی و سوتانەوەی بیبەر، شیرە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویکردەوە: تیمی توێژەران جۆرێک پرۆتینیان لە پێکهاتەکانی شیر دۆزیوەتەوە کە کاریگەری لەسەر گەرمی و تونی بیبەر دروست دەکات و دوای خواردنی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی تر راستەوخۆ هەست بە ئارام بونەوە دەکرێت و کاریگەری تونی بیبەر نامێنێت.
بۆڵ بۆسلاند، بەڕێوەبەری پەیمانگای (چیلی بیبەر) لەوبارەیەوە رایگەیاند: کابسایسین ئەو پێکهاتە کیمیاییەیە کە لە بیبەردا هەیە و وای لێدەکات کە گەرم و تون بێت، لەبەرامبەردا شیر پرۆتینێکی تێدایە کە جێگەی کابسایسین دەگرێتەوە لەسەر زمان و بەزوترین کات کاریگەری تونی بیبەر ناهێڵێت.
بۆڵ وتیشی:" تەنها شیر و پێکهاتەکانی ئەو کاریگەرییەیان نییە لەسەر کەمکردنەوەی تونی بیبەر، بەڵکو ئەو خۆراکانەی کاربۆهیدارت لە پێکهاتەیاندایە، بەهەمانشێوە کاریگەرن، وەکو نان و شەکر و هەنگوین".
سایتی سبەی