نیشانەکانی کەم خوێنی و چارەسەرکردنیان
نیشانەکانی کەمخوێنی جیاوازن و بەپێی هۆکاری تووشبوونەکەی لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر دەگۆڕدرێت.
هۆکارەکانی تووشبوون بە کەمخوێنی زۆرن، دەکرێت بەهۆی کەمی کانزایەک یان ڤیتامینێکەوە بێت، یاخود خوێنبەربوون و هەندێ نەخۆشی تر.
گەر یەکێک لەم نیشانانە یان زیاتر لە خۆتدا بەدیکرد، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی زیاتر و چارەسەرکردنی کەمخوێنییەکەت.
لە نێوان گشت جۆرە جیاوازەکانی کەمخوێنیدا کۆمەڵێک نیشانەی هاوبەش هەن لەوانە:
1-شەکەتی ماسوولکەکان و کەمی وزە و چالاکی.
2-ناڕێک لێدانی دڵ، بەتایبەت لە کاتی وەرزشکردندا.
3-تەنگەنەفەسی و سەرئێشە، بەتایبەت لەکاتی وەرزشکردندا.
4-کەمبوونەوەی توانای تەرکیزکردن.
5-گێژبوون.
6-زەردبوونی پێست.
7-کەمخەوی.
لەپاڵ ئەم نیشانە گشتیانەشدا، هەریەکێک لە جۆرە جیاوازەکانی کەمخوێنی نیشانەی تایبەت بەخۆی هەیە کە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی چارەسەرەکەی.
جۆرە جیاوازەکانی کەمخوێنی:
کەمخوێنی بەهۆی کەمی کانزای ئاسن.
نیشانەکانی بریتین لە:
1-هەبوونی برین و درز و برژانەوەی ناو دەم.
2-نوشتانەوەی نینۆک بەرەو سەرەوە.
3-حەزکردن بۆ خواردنی هەندێ شتی سەیر وەک ( سەهۆڵ، پیسی و خۆڵ، پەڕە)
کەمخوێنی بەهۆی کەمی ڤیتامین ب12.
نیشانەکانی ئەم کەمخوێنییە بریتین لە:
1-مێروولەکردن و سڕبوون لە دەست و قاچدا.
2-کەمبوونەوەی هەستی دەستلێدان لە شتەکانی دەوروبەر.
3-نارێکی لە کاتی رۆیشتن.
4-لەبیرچوونەوە.
5-رەقبوونی قۆڵ و ران.
کەمخوێنی بەهۆی ژەهراویبوون بە کانزای قوڕقوشم.
نیشانەکانی ئەم کەمخوێنییە بریتییە لە:
1-هەبوونی هێڵێکی رەش و شین لەسەر پوک.
2-قەبزبوون.
3-رشانەوە.
4-هەبوونی ئازار لە سکدا.
کەمخوێنی بەهۆی لەناوچوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە.
ئەم کەمخوێنییە کاتێک روودەدات کە خڕۆکە سوورەکانی ناو خوێن بەهۆی هەندێک نەخۆشی و هۆکاری تایبەتەوە تووشی مردن دێن، نیشانەکانی ئەم کەمخوێنییەش بریتین لە:
1-زەردوویی.
2-هەبوونی میزێکی قاوەیی یان سوور.
3-هەبوونی برین لە قاچدا.
4-هەبوونی نیشانەکانی بەردی زراو.
5-گەشەنەکردنی منداڵ.
سەرچاوه: سایتی جام کوردی