چۆن پارێزگاری لە منداڵە تازە لەدایکبووەکەت دەکەیت
خانمانی دووگیان لەکۆتایی مانگەکانی دووگیانبوون چاوەڕێی لەدایکبوونی منداڵەکەیان دەکەن، تا لە باوەشی بگرن و ئەو ئازار و حاڵەتانەی کەلە ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوون بەهۆی دووگیانیەوە لەبیری بکەن، بەڵام لەڕاستیدا قۆناغە قورسەکان لە دوای لەدایکبوونی کۆرپەکەیەوە دەستپێدەکات، چونکە منداڵ زیاتر پێویستی بە خزمەت و چاودێری هەیە.
شیری سروشتی
پێش هەموو شتێک گرنگیدان بە خواردن و پێدانی شیری سروشتی دایک، چونکە سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی لەشی کۆرپە و گەشەکردنی هەیە بەتایبەتی لە مانگی یەکەمی تەمەنیدا، پێویستە دایکان دڵنیابن لە زۆری شیری خۆیان و تێربوونی کۆرپەکەیان.
هەناسەدان لەکاتی خواردندا
هەناسەدانی کۆرپە لەکاتی خواردنی شیردا زۆر گرنگە، پەلەی لێمەکە و بەخێرایی شیری مەدەرێ، چونکە توانای نییە و پێویستی بە هەناسەدان و پشوو هەیە، بەهیچ جۆرێک خواردنەوەی تری پێمەدە وەک قەنداغ و هەنگوین و ئەم جۆرە پێکهاتانە، چونکە زیانی هەیە.
چاودێری
پێویستە چاودێری کۆرپەکەت بکەیت بەشێوەیەکی بەردەوام، چونکە لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە دایکە و بە ئاگابە لەوەی تووشی نەخۆشیەک نەبێت یان پلەی گەرمی لەشی جێگیرە و خواردنی چۆنە.
پلەی گەرمی
لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی کۆرپەدا، شیر کەم دەخوات و دەگری و ڕەنگی پێستی دەگۆڕیت و کرژ دەبێتەوە، پێویستە بەپەلە سەردانی پزیشک بکەیت، جگە لە پلەی گەرمی لەکاتی سکچوون و قەبزی کۆرپەکەشت پێویستە بە ئاگا بیت.
پاکردنەوە
پاکراگرتنی کۆرپە بەشێوەیەکی بەردەوام کارێکی گرنگە، چونکە پیسی دەبێتەهۆی هەوکردنی پێست و سووربوونەوە و ئازاری دەدات و ڕێگە لە خەوێکی ئارام دەگرێت.
سەرچاوه: سایتی خەندان لایف