• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 86
  • سێ شەممه 16/6/1395
  • رۆژژمێر :

چۆنیەتی ئووتووکردنی جلەکانت بێ کەڵک وەرگرتن له ئامێری ئووتوو

 

زۆربەمان توشی ئەو حاڵەتانە بووین کاتێک بەشێوەیەکی خێرا پێویستمان بە ئووتووکردنی جلوبەرگەکانمان هەیە، بەڵام لەوکاتەدا بەهەر هۆیەک بێت ئووتوو لەبەردەستدا نییە، دەتوانیت بە یەکێک لەم نۆ ڕێگایە جلەکانت ئووتوو بکەیت، هەرچەندە ڕەنگە بەشێوەیەکی تەواو ڕێک نەبێت، بەڵام لەبوونی لۆچییەکی زۆر بەجلەکانتەوە باشترە.

 

ئووتووی قژ
ئەم جۆرە ئوتووە کە خانمان بۆ ئووتووکردنی قژیان بەکاریدەهێنن، ئامرازێکی باشە بۆ ئووتووکردنی جل‌وبەرگ، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی ئوتوکردنیان قورسە، شێوازی بەکارهێنانی بەم شێوەیەیە: ئووتووەکە لەسەر پلەیەکی گەرمیی جێگیربکە، دواتر بیخەسەر شوێنی مەبەست و چەند چرکەیەک بووەستە، دڵنیابە لەوەی ئووتووکە هیچ تاڵە قژێکێکی پێوە جێنەماوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بەجلەکانت.

ئاو  و  سرکە
رێگایەک بۆ ئەو گەنجانەی تازە لەکیمیادا کاردەکەن، سرکەی سروشتی لەگەڵ ئاودا بەڕێژەی یەک بەسێ تێکەڵ بکە و گیراوەکە بکەرە سپرایەکی ئاوەوە و دەست بەڕاوەشاندنی بکە، ئێستا تۆ خاوەنی گیراوەیەکیی دژی لۆچیی جل‌وبەرگ.

هەڵمی کتری
رێگایەکی ئاسان و بەردەستە بۆ بەکارهێنان و لەمێژەوە بەکاردێت، کترییەک ئاو بخە سەر تەباخ، کاتێک دەستیکردن بەکوڵان، ئەو جلەی دەتەوێت لە دووریی 20 سانتیم مەترەوە بخەرە بەردەم لولەی کترییەکە تا بەهەڵمەکە لۆچییەکەی نەمێنێت.

موجەفیفە
موجەفیفەیەکی ئاسایی دەتوانێت ئووتووی جلوبەرگەکانت بکات، بە شێوەیەک موجەفیفەکە بخەیتە سەر بەرزترین پلەی گەرمی و راستەوخۆ بیخەیتە سەر ئەو پۆشاکانەی دەتەوێت ئووتووی بکەیت.

هەڵمی گەرماو
ئاوی گەرمی گەرماوەکە بکەرەوە و جلەکانت بەشوێنێکدا هەڵبواسە، بەڵام دڵنیابە لەوەی هیچ ئاوێکی بەرناکەوێت و تەڕ نابێت، پاشان دەرگا و پەنجەرەکانی حەمامەکە دابخە و چەند خولەکێک چاوەڕێکە، دواتر کاریگەریی هەڵمی ئاوەکە لەسەر جلە لۆچەکانت دەبینیت.

خاولی تەڕ
جلەکانت بخەرە سەر ڕوویەکی تەخت وەک بۆردێکی ئاسن، یاخود مێزێک، جلەکە بە خاولییە تەڕەکە داپۆشە و بەتوندی بەدەستت فشاری بخە سەر، دوای ئەوە جلەکان جێبهێڵە تا وشکببنەوە.

ئامێری جل شتن
بەشی وشککردنەوەی ئامێری جل شتن دەتوانێت یارمەتی ئووتووکردنی پۆشاکی لۆکە و کەتان بدات، ئامێرەکە بۆ ماوەیەک کە لە 15 خولەک زیاتر نەبێت دابگرسێنە، ئەگەر لۆچییەکان زۆربوون، چەند پارچەیەکی بچوکی بۆ زیاد بکە وەک؛ گۆرەوی، تیشێرتی منداڵانە یاخود دەستەسڕێک.

بنی مەنجەڵ
لەناو مەنجەڵێکدا ئاو بکوڵێنە، دواتر خاڵیی بکەرەوە، بنی مەنجەڵەکە ئەوەندە گەرمە کە وەک ئووتوو بەکاربهێنرێت، دوای دڵنیابوونەوە لەپاکیی بنی مەنجەڵەکە، دەتوانێت بەهەمان شێوەی ئووتوو بەکاریبهێنیت.

پارچە سەهۆڵ
ئامێری جل شتنەکە بخە سەر بەشی وشککردنەوە و جلە لۆچەکانی تێبکە تا پێنج پارچە، دواتر 2-3 پارچە سەهۆڵی شەشپاڵووی تێبکە و ئامێرەکە دابگرسێنە، دوای 10 خولەک دەتوانیت جلەکانی جیاوازتر لەوەی پێشوو دەربهێنیت، بیرۆکەی ئەو پارچە سەهۆڵانە ئەوەیە کە لە کاتی کارکردنی ئامێرەکەدا سەهۆڵەکان دەتوێنەوە و هەڵم دروست دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی لابردنی لۆچییەکان.

 

سەرچاوه: سایتی خەندان لایف