ئەم خۆراکانە دژی تووڕەیین!!
بەرنامەى خۆراکى مرۆڤ زۆر گرنگە و وتراوە مرۆڤ هەمان ئەو شتەیە کە دەیخوات، زۆرجار خۆراک تەنیا پیداوێستى و تەندروستى جەستە دابین ناکات بەڵکو رۆڵێکى سەرەکیش لە تەندروستى دەروونى و ناخى مرۆڤیشدا دەبینێت.
بێزارى و تووڕەیی هۆکارى جۆراجۆرى هەیە لە دڵەڕاوکێوە بیگرە تا دەگاتە تێکچوونى هۆرمۆن و زۆرجاریش رووداوە جیاوازەکانیش هۆکارى تووڕەبوونن، وێڕاى دان بەخۆگرتن لە زۆرێک لە تووڕەبوونەکاندا باشترین چارەسەرە و کە هەلبەت زۆریش گرانە و هەموو کەس ناتوانێت خۆى لەکاتى تووڕەبووندا بگرێت و بەسەر خۆیدا زاڵ بێت.
پسپۆرانى تەندروستى خۆراک باس لە هەندێک چارەسەر بۆ کەمکردنەوەى ڕادەى تووڕەیی ئەنجامداوە و باس لە ترشێکى ئەمینى دەکەن بە ناوى "ترپتۆفان"ەوە و بە هۆکارى بەرزبوونەوەى ورە و باشتربوونى دۆخى دەروونى کەسەکەى دەزانن.
شایانى باسە "ترپتۆفان" لە جەستە بۆ مادەیەکى تر دەگۆڕێت بە ناوى "سرۆتۆنین" کە هەمان هۆرمۆنەیە کە بە هۆرمۆنى دڵخۆشی یان شادى ناسراوە و بۆ ئەوەى ئەم مادە لە جەستەتاندا دروست ببێت دەتوانن ئەو خۆراکانە بخۆن کە دەوڵەمەندن بە پرۆتین و کاربۆهیدرات.
جێى وەبیرهێنانەوەیە ئەو خۆراکانەى زۆرترین بڕی پرۆتین و کابۆهیدراتى تێدایە بریتین لە: گۆشتى مریشک، ماسى، هێلکە، دانەوێڵە و چەرەسات. هەروەها ئەو خۆراکانەش کە مادەى ئاسن و ڤیتامین Bتێدایە دەتوانن بۆ دڵخۆش بوون بەسوود بن.